خرید بک لینک

رووداوەکانی یەک ساڵی رابردووی رۆژھەڵاتی کوردستان ئەگەرچی بە ھۆکارەیلێکی جیاواز، کەچی دەرکەوتێکی ھاوبەشیان ھەبوو. لە یەک ساڵی رابردوودا کۆمەڵێک رووداوی وەک رێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان، بوومەلەرزەی ناوچەکانی کرماشان و دەوروبەری، رێورەسمی پرسە و بەخاک ئەسپاردەکردنی کاک ئەبووبەکری مەعرووفی لە ھاریکارانی بوومەلەرزەلێدراوان و ھەروەھا ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی کە بەشێکی زۆر لە ناوچە و شارە گەورەکانی ئێرانی گرتۆتەوە، تەئسیری کاریگەری لەسەر فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیی رۆژھەڵاتی کوردستان داناوە.بەچەشنێک کە ھەڵوێست و کاردانەوەی کرداریی بەرینی جەماوەری و کۆمەڵانی خەڵکی لێ کەوتۆتەوە. گرینگترین دەرکەوتەی ئەو خۆپێشاندان و مەیداندارییانەی خەڵک ئەو سیگناڵ و پەیامە نوێیانە یە کە پێویستە لەلایەن چالاکان و بکەرانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردەوە بەتایبەت لەنێوخۆی وڵاتدا خوێندنەوەی دروست و واقعبینانەی بۆ بکرێ.
پڕ دیارە کە واقعی سیاسی و کۆمەڵایەتیی رۆژھەڵاتی کوردستان لەگەڵ سی چل ساڵ پێش خۆی تەواو جیاوازە و بەم پێیەش پێویستە ھەڵسوکەوتی جیاواز و رێوشوێنی جیاوازتریشی بۆ لەکار بکرێ. نە ئێمەی کورد لە بۆشاییدا دەژیین و نە کوردستانیش لە دەرەوەی واقعە مەوجوودەکانی جوغرافیای سیاسیی ئەم جیھانە پان و بەرینەدا ھەڵکەوتوە کە ئێمەشی لەخۆدا گرتووە. کەوایە پێویستە بزووتنەوەی کورد بەگشتی و بەتایبەت لە رۆژھەڵاتدا بە دەرکێکی درووستتر لە زەرفییەتەکانی خەبات و خوێندنەوەیەکی واقعبینانەتر لە حەقیقەتی وجوودیی خۆی و ئیمکاناتی مەوجوود، رەھەندێکی ئێنعتافپەزیرتر لە مەسیری گەیشتن بە ئامانجەکانیدا ھەڵبژێرێ. رەھەندێکی ژیرانە بە ریسک و ھەزینەیەکی کەمتر و ئەگەری سەرکەوتنی زیاترەوە لەگەڵ مەقبوولییەت و مەشرووعییەتێکی بەرین و قابیلی دیفاعی نێونەتەوەیی.
مۆدێل و مێتۆدی خەباتی چەکداری کە پتر لەوەیکە ھەڵقوڵاوی زەروورەتی حەقیقیی کۆمەڵگەی خۆمان بێ میراتی راپەڕینە چەپ و شۆڕشگێڕییەکانی سەدەی بیستەم بوو سەرەڕای ئەو ھەزینە و خەسارە زۆرەی کە ھەیبوو بەداخەوە ھەرگیز کەڵکێکی ئەوتۆمان لێ وەرنەگرت و بەشی زۆری زیانەکەی بۆ ئێمە و بەشی زۆری قازانجەکەی بۆ نەیارەکانی ئێمە بوو. ئەوە ھیچ لە رۆحی گیانبازی و فیداکاریی ئەو رۆڵە قارەمانانەی سەربەرزانە لەم پێناوەدا شەھید بوون یان ژیانیان لەسەر دانا کەم ناکاتەوە، بەڵکوو سیاسەتێکی ھەڵە بەڵام قابیلی تەوجیە لە کانسێپتی سیاسیی خۆیدا بوو. مرۆڤ یان نەتەوە بۆیان ھەیە ھەڵە بکەن کەچی دوبارەکردنەوەی ھەڵە میسداقی عەقڵانییەت نییە. بۆیە دووپاتکردنەوەت ھەڵەی خەباتی چەکداری گوناھێکی کوشندەیە کە ھەرچی زیاتر بەرەو ھەڵدێرەکانی نەمانمان دەبا و ئەوەش رێک ویستی ناحەزانی کوردستانە. ھەربۆیە لای ئێمەی کوردیش چەک دەبێ بگەڕێتەوە سەر پێگە حەقیقییەکەی خۆی کە لە باشترین حاڵەتدا کەڵکی پارێزەری ھەبێ نەک رزگاریدەر. نۆڕمی خەباتی چەکداری لە دنیای گلۆبالی ئەمرۆدا کڕیارێکی ئەوتۆی نییە و جیا لە ھێزە مافیایی و رەوتە توندئاژوە ئیسلامییەکان ھیچ ھێز و لایەنێکی دی لە چەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان کەڵک وەرناگرن. ئەحزابی چەکدار کە لە واقعدا نەک 1 بەڵکوو زیاتر رەوتەیلێکی ئینقلابین، لە بەستێنی سیاسیی دنیای سەردەمدا لە تەنیایی و فەزایەکی بێ کەڵکەی ئارمانخوازانەدا دەژین. ئەوەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێ کە بەرخۆرد و کۆنتاکتی ئەم جۆرە جەریانانە نەک سیاسی و لەسەر مەبنای واقعییەت بەڵکوو ئیدیۆلۆژیکە و ھەر لەم سۆنگەیەشەوە سەرکەوتن تەنیا لە ئینقلاب و خەباتیش تەنیا لە چەکدا پێناسە دەکەن.
حەقیقەتی سیاسیی رۆژھەڵاتی کوردستان لە ئێراندا ئەوەیە کە ھێزی کوردی لەرێی خەباتی چەکدارییەوە ھیچ شانسێکی تەنانەت بۆ گەیشتن بە لانیکەمی داخوازەکانیشی نییە. ئینجا ھەروەک ئاماژەشم پێکرد تەنانەت لەو رۆژگارەدا کە ھێزە کوردییەکان لەمڕۆیان زۆر بەھێزتر و تاران لەمڕۆی لاوازتر بوو وەھەروەھا زەمینەی نێوخۆیی و دەرەکیش بەنیسبەت ئەمرۆوە یەگجار لەبارتر بۆ خەباتی چەکداری بوو کەچی بەمحاڵەشەوە لە ئاکامدا ئەوەی لێ کەوتەوە کە ئێستا دەیبینین. ھەربۆیەش پرسی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک چارەسەریی چەکداریی نییە.
ئەوەی کوردی رۆژھەڵات لەو چەند ساڵەی رابردوودا بەڕوونی نیشانی داوە ئەوەیە کە نەتەنیا لە خەبات و بەرخۆدان لەپێناوی گەیشتن بە ئامانج و داخوازییە رەواکانی ھەرگیز پاشگەز نەبۆتەوە بەڵکوو بە گیانێکی مەیداندارانەترەوە حازرە کاری بۆ بکات. ئەوەی دیارە ئەوەیە کە کوردی رۆژھەڵات پتانسێلێکی بەرینی جەماوەریی بۆ خەبات تێدایە کە 1 بە رێکخستن و کۆکردنەوە لەلایەن ھێزێکی جەماوەری لەنێو خۆیدا ھەیە کە ئاراستەی دروست و گونجاوی سیاسیی خۆی پێ ببەخشێت. بەداخەوە ئەزموونی ئەم چەند ساڵەی حیزب و رێکخراوە تاراوگەنشینەکان دەریخست کە ئەم رەوتە کلاسیکانە بەھۆی ئەو دوورکەوتنەوە نەخوازراوە زەمانی و مەکانییە دوور و درێژەی کە تێیکەوتوون وەھەروەھا بەرخۆردی ئیدیۆلۆژیکی نەیانتوانیوە لە رووداو و پێشھاتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی وڵات بە قازانجی کورد و بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە رۆژھەڵاتی کوردستان کەڵک وەرگرن. لە وەھا حاڵەتێکی نەخوازراودا وزە و ھێزی کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتیی رۆژھەڵات تووشی داڕمان و دابەشبوونێکی نەخوازراو دێ. لە باشترین حاڵەتی خۆیدا لە خۆی بێبەری و وەک ھێزی پارچەکانی دیکە کار دەکات، یان روو لە مەرکەز دەکا و وەک ھێزێکی سەرتاسەریی ئێرانی دەردەکەوێ و بەرەبەرە لە حەقیقەتی کورد بوونی خۆیشی دەشۆرێتەوە، یان سەرخۆردە دەبێ و وەک ھێزێکی منفعل و ھەندێ جار دژخوازیشی لێ دەردێ.
واقعییەت ئەوەیە کە رۆژھەڵاتی کوردستان دەمێکە کە قۆناغی تێپەڕاندن (گوزار)ی لە خەباتی چەکدارییەوە بەرەو خەباتێکی بەرینی جەماوەری بەپانتایی ھەموو خاکی کوردستانی ئێران تێپەڕ کردوە. کاردانەوە جەماوەرییەکانی رووداو و پێشھاتە سیاسییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی بەڵگەی روون و حاشاھەڵنەگری ئەم واقعییەتەن. خەڵکی رۆژھەڵات چیدیکە لە لوولەی تفەنگەوە سەیری ئازادی و داخوازییە سیاسییەکانی خۆی ناکا و دیدێکی تەعامولخوازانەتری بۆ خەبات و سەرکەوتن ھەیە. نە تەوەھھومی سەرکەوتنی خەباتی چەکداریی ھەیە و نە مەحتەل دەبێ کۆماری ئیسلامی بڕووخێ. بەڵکوو دەبێ بێتە مەیدان و پێ بە پێی رووداوەکان لەگەڵ پێشھاتە جۆراوجۆرە سیاسییەکاندا تەعامول بکات.
رۆژھەڵاتی کوردستان نیازی زەرووریی بە حیزبێکی سیاسیی مۆدێرنی جەماوەری لە 1 ھەیە کە نوێنەرایەتیی ویست و داخوازییە سیاسییەکانی خەڵکی کوردستان لە بازنەیەکی گشتگیری نەتەوەیی (رۆژھەڵات)دا بکا و بتوانێ وزە و ھێزی کاریگەری سیاسی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی کورد لە کوردستانی ئێراندا لە دەوری پلاتفۆرمێکی ھاوبەشی نیشتمانیدا کۆ بکاتەوە و ئاراستەیان پێ ببەخشێت. وەھەروەھا لەنێو گەمە سیاسییەکانی نێوخۆی ئێران و کوردستاندا بەشداریی چالاکی ھەبێ و دەنگی کورد وەک رێژەیەکی یەکانگیر و کارا بەکار بێنێ و بە قورسایی دایبەزێنێ.

+ نوشته شده در شنبه نهم دی ۱۳۹۶ساعت 8:52 توسط وریا رەحمانی |

برچسب: نویسنده: بهنام عباسیان تاريخ: شنبه 23 دی 1396 ساعت: 17:26

صفحه بندی