چیرۆکی رادەستکردنەوەی کاک مستەفا سەلیمی لە لایەن #ئاسایشی_ھەرێمی_کوردستان ـەوە بە ھێزەکانی #کۆماری_ئیسلامی و پاشان لەسێدارەدانی ناوبراو لە #زیندانی_سەقز، چەند وانەیەکی گرینگی تێدایە کە پێویستی بە لێوردبوونەوە و تێگەیشتن ھەیە.

١- ئەگەرچی کورد یەک نەتەوەیە و کوردستان یەک نیشتمانە بەڵام وڵاتێکی یەکانگیر نییە و ھەر بەشەی چارەنووسی تایبەتی خۆی ھەیە. گرینگترین ئێلێمێنتێک کە دەتوانێ پێکھێنەری کیانێکی سەربەخۆ بۆ نەتەوەیەکی تایبەت بێ، خواست و ئیرادەی ھاوبەشە. ھەموو فاکتۆرەکانی تری وەک خاک، زمان، فەرھەنگ، نەریت و مێژووی ھاوبەش پارامێترە پێناسەییەکانی نەتەوەیەکی ھاوچەشنن کەچی تا خواست و #ئیڕادەی_سیاسیی ھاوبەش لەنێو ئەو نەتەوەیەدا چێ نەبێت ھەرگیز کیان و سەروەریی ھاوبەش پێک نایەت. ھۆکاری سەرەکیی ئەو جیاوازییەش دەگەڕێتەوە بۆ ناتەریب (ناموازی)بوونی چارەنووس و جیاوازیی بەرژەوەندییەکان.
بەداخەوە دابەشبوونی خاکی کوردستان بەسەر چەند پارچەیەکی جیاوازدا بەدرێژایی مێژوو بارودۆخێکی وەھای پێک ھێناوە کە سەرەڕای ئەو ھەموو خاڵە ھاوبەشە کەچی خولیای چێ بوونی وڵاتێکی سەربەخۆی ھاوبەش رۆژبەرۆژ زیاتر وەک ئارەزوویەکی مەحاڵ خۆی دەنوێنێ. چون بەھۆی ئەو دابەشبوونەوە بەرژەوەندییەکانمان جیاواز و تەنانەت ھەندێ جار دژ بە یەکیشن و لە ئاکامدا چارەنووسی سیاسییشمان ئاقارێکی جیاوازی لەخۆ گرتوە. (ھەڵبەت ئەوە خۆزگەی ھیچ کوردێکی بەشەڕەف نییە کەچی ئەمری واقعی مەوجوودە و سیاسەت و تەنانەت خەباتیش لەگەڵ واقعییەت دەکرێ).

٢- ئەوەی راستی بێ رەوتی سیاسیی #باکوور و #باشوور ی کوردستان واقعبینانەتر دەرکیان بەم راستییە کردوە و لەسەر ئەو ئەساسەش خەبات و سیاسەت دەکەن. ھەندێ جاریش کە بابەتە نەتەوەییە گشتگیرەکان دەورووژێنن ئامانجی سیاسیی خۆیان لە پشتە و بە مەبەستی کەڵک وەرگرتن لە پتانسێل و سۆز و عاتیفەی خەڵکی پارچەکانی تر و ھەندێ جاریش بۆ رازی راگرتنی رای گشتیی خەڵکی پارچەکەی خۆیانە. کەچی ئەوەی لەو نێوەندەدا زیاتر سەری بێ کڵاو ماوەتەوە بەشی رۆژئاوا و رۆژھەڵاتە، کە زۆربەی کات چارەنووسی سیاسیی خۆیان بەوانەوە بەستۆتەوە و بەشێکی زۆر لە ھێز و وزەی خۆیان لە پێناوی بەرژەوەندییەکانی ئەواندا بەکار ھێناوە. زۆر جاران ئەوەی کە لەلایەن رەوت و ھێزە سیاسییەکانی ئەو دوو پارچەیە بەرانبەر باکوور و باشوور کراوە رێک لە دژی بەرژەوەندییەکانی خۆیاندا بووە.
ھەر بەراستی چی ماوە کە ھێزە گەورە و بچووکەکانی باشوور بە کوردی رۆژھەڵاتی نەکەن و پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ حکومەتە دەسەڵاتدارەکانی ئێران، چ پاشایەتی و چ ئاخوندی، لەسەر ئەساس و کارتی کوردی رۆژھەڵاتدا دانەرێژن؟! پەکەکەش کە بە ئاشکرا لە ھاوپەیمانییەتێکی ستراتێژیک لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و حکومەتی ئەسەدەکان ئەوەی بەلایەوە گرینگ نەبێ چارەنووس و دۆزی سیاسیی رۆژھەڵات و رۆژئاوایە و تەنانەت سنوورپارێزیشیان بۆ دەکات! کەچی بەشێکی زۆر لە کوردی ئەو دوو پارچەیە بە ناوی کوردایەتییەوە خزمەت بەو پرۆژە ماڵوێرانکەرە دەکەن. ئەوەی کوردی #رۆژھەڵات و #رۆژئاوا لەبیریان چۆتەوە ئەوەیە کە تەنانەت بۆ پێکھێنانی کیانێکی یەکگرتوو و وڵاتێکی سەربەخۆش بەر لە ھەموو شتێک پێویستە کە ئەوان خەمێکی جیددی لە خۆیان بخۆن و ھێزەکەیان لەپێناو رزگاری و ئازادیی پارچەکەی خۆیاندا بەکار بێنن. بەداخەوە ئەوەی زۆر جار دەبینرێ ئەوەیە کە خەڵک و خەباتکارانی ئەو دوو پارچەیە بەسەر پارتی و یەکێتی و پەکەکەدا دابەش بوون و لەبریان شەڕیشیان بۆ دەکەن!

٣- منیش وەکوو بەشێکی زۆر لە خەڵکی خۆمان زۆر جاران لەو جۆرە حاڵەتانەدا گلەییم لە ھەڵوێست و عەمەلکەردی حیزبەکانی خۆمان بووە کەچی ئەوەش باش دەزانم کە ئەو بارودۆخەی ئەوان تێیدان رێگە بە مانۆڕێکی زۆر لەوە زیاتریش نادات. ھەر بۆیەش #ھێزەکانی_رۆژھەڵات بۆ بەدەست ھێنانەوەی جێگە و پێگەی شیاوی خۆیان بەرلە ھەموو شتێک پێویستە گۆڕانکارییەکی جیددی لە بارودۆخی مەوجوودی خۆیاندا پێک بێنن.بەواتایەکی تر ھەتا وەزعەکە ئەوە بێ چاوەڕوانییەکی لەوەش زیاتریان لێ ناکرێت.

٤- کاک #مستەفا_سەلیمی، بەدەر لەوەی کە سیاسی بووبێ یا نا، پیاوێکی باش بووبێ یا نا، سەر بەھیچ حیزب یا رێکخراوێکی سیاسی بووبێ یا نا، بەڵام ئەوەی ھێزەکانی ئاسایشی ھەرێم لە #پێنجوێن لەگەڵیان کرد ئەوپەڕی نامەردی و بێ پرەنسیپیی ئینسانی و سیاسی بەرانبەر بە خەڵکی رۆژھەڵات و بەپێچەوانەوە خۆش خزمەتی بە دوژمنانی کوردی رۆژھەڵاتی کوردستان بوو.
بەپێی یاسا و رێساکانی مافی مرۆڤ و پەیماننامە نێو دەوڵەتییەکانی #رادەستکردنەوەی_تاوانباران کە لە نێوان وڵاتاندا ھەیە، بەگشتی ئەو کەسانە رادەست دەکرێنەوە کە بە ھۆکارێکی جینایی یا مەدەنی شاکیی خسووسییان ھەیە. ئینجا دەبێ شێوازی رادەست کردنەوەکەشی بە شێوەیەکی فەرمی و لەرێی ئۆرگانە رەسمییەکانی دوو وڵاتەکەوە بێ نەک بە دزی و لەرێی ھێزە ئەمنییەتییەکانەوە.

٥- #کوردی_رۆژھەڵات زیاد لە حەد ئێحساسی لەگەڵ بابەت و پرسە نەتەوەییە گشتییەکان بەرخورد دەکا و زۆر جاران ئەو شێوازی تەعامولە لە ماندووبوونی خۆی سەبارەت بە کێشەی پارچەکانی دیکە بە بەرزتر بوونی ئاستی شعووری نەتەوەیی خۆی بەنیسبەت بەشەکانی تر دەزانێ. کەچی لەواقعدا ئەوە ئەوپەڕی ئێحساسی بوونی کوردی ئەو پارچەیە دەگەیێنێ و لە ئاکامدا چەشنێک لە بێ تەفاوەت بوونی بەنیسبەت خودی رۆژھەڵات لێ کەوتۆتەوە! ھەر بۆیەش پێویستە خەڵک و ھێزەکانی ئەو پارچەیەش وەک خۆیان و لە سۆنگەی بەرژەوەندییەکانی خۆیانەوە سەیری کێشە و بابەتە جۆراوجۆرەکانی کورد لە ئاستی کوردستان و ئێراندا بکەن و بجوڵێنەوە.