خرید بک لینک

رەوتی فێمێنیزم لە درێژەی مێژووی خۆیدا سێ قۆناغی سەرەکی لەخۆ دەگرێ کە بە رووداوێکی گرینگی مێژووییەەوە بەسراونەتەوە.

1- رەوتی یەکەم پاش شەڕی یەکەمی جیھانی سەری ھەڵدا. لەم قۆناغەدا ژنان ھەوڵیان دا کە خۆیان وەک پیاو لێ بکەن و بەگشتی دەورێکی پیاوانە بگێڕن.

ئەوە تەنیا لە ئەندێشە و روویکردی ژیانی ژناندا رەنگی نەدایەوە بەڵکوو تەنانەت لە جۆری پۆشش و ھەڵسوکەوتیشیاندا خۆی دەرخست. لەم قۆناغەدا بوو کە مۆدێلی کوڕانەی جلوبەرگ لەنێو کچاندا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی ئەستاند و ژنان ھەوڵیان دا لە ھەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیدا ھەرچی زیاتر وەک پیاوان دەرکەون.

2- رەوتی دوویەم پاش شەڕی دوویەمی جیھانی سەری ھەڵدا. ئەم رەوتە کە زیاتر لەژێر رۆشنایی و کاریگەریی ئەندێشەی چەپی مارکسیستیدا پێک ھات، ئاقارێکی پێچەوانەی لەخۆ گرت.

پڕ دیارە کە ئەساسی فەلسەفەی مارکسیستی لەسەر بنەمای بەربەرەکانی (تقابل)ـی ئێلێمێنتە جیاوازەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی دامەزراوە. ھەر بۆیەش فێمێنیستەکانی ئەو قۆناغە رێگەچارەی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنانیان لە بەربەرەکانی و دژایەتیی توێژی پیاودا دۆزییەوە.

لەراستیدا ھۆکاری سەرەکیی رەوتە مارکسیستەکان لە بەرجەستەکردنەوەی پرسی ژن بەر لە ھەموو شتێک راکێشانی سەرنج و دەنگی ئەو توێژە بەلای خۆیانەوە بوو و ھۆکاری سیاسیی لەپشت بوو. ھەر بۆیەش ئەگەرچی لە رواڵەتدا ھەندێ ھەوڵی چاکسازانەی وەک دامەزراندنی رێکخراوەکانی ژنان و بابەتی ھەڵاواردنی ئەرێنی (تبعیض مثبت) و ... درا، کەچی لە ئەساسدا ئاڵوگۆڕێکی جیددی و ھەست پێکراو لە پێگە و ژیانی ژناندا بەگشتی پێک نەھات و کێشەکانی ژنان ھەمدیسان بە چارەسەرنەکراوی وەک خۆی مایەوە.

بەشی زۆری ژنانی فێمێنیست و رێکخراوەکانی بواری ژنان لە وڵاتانی جیھانی سێیەم و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، چ وەک تێڕوانین و چ وەک چالاکیی مەدەنی و رێکخراوەیی، تەنانەت ئەگەر مارکسیستییش نەبن، کەچی لە کارکرددا، لە چوارچێوەی ئەم رەوتە و ئەم قۆناغەدا پێناسە دەکرێن.

3- رەوتی سێیەم پاش رووخانی بلۆکی شەرق و نەمانی دیواری بێرلەن سەری ھەڵدا. لەم قۆناغەدا کە ھاوکات بوو لەگەڵ پەرەی لیبراڵ دێموکراسیی غەربی و گەشەی زێدەی گلۆبالیزم لە ئاستێکی بەرینی جیھانیدا، ژنانی فێمێنیست بە دەرکێکی نوێ لە پێگە و چییەتیی ھەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و یەکسانی گەیشتن. ئەوجار ئیتر ژن لە سۆنگەی پیاوەوە سەیری خۆی و مافەکانی نەکرد. ئیتر نە ھەوڵی دا وەک پیاو بێ و نە ھەوڵی بەربەرەکانیشی دا، بەڵکوو لە سۆنگەیەکی ئینسانییەوە سەیری خۆی و پێگە و مافەکانی کرد.

لە ھەموو وڵاتانی پێشکەوتووی دنیادا ئەوەندە رێکخراوەیەی ژنان کە بۆ وێنە لەو باشووری کوردستانەدا ھەن، بوونی نییە. چون لە واقیعدا رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ھەر وەک چۆن لە ناوەکەشیانەوە دیارە، ئی کۆمەڵگەن. کەچی لای ئێمە، لە وڵاتانی جیھانی سێیەم و رۆژھەڵاتی ناوەراستدا، ھەر کامەی یا سەر بە حکومەت یا سەر بە رەوتێکی سیاسی یا حیزبێکی تایبەتن و لە ئەساسدا ھەوڵی راکێشانی ژنان بەرەو ئەجێندایەکی تایبەتی سیاسی دەدەن.

ھەلاواردنی ئەرێنی نەک ھەر کێشەی ژنانی چارەسەر نەکردوە و دەور و پێگەی لەنێو کۆمەڵگەدا پڕ رەنگتر نەکردوون بەڵکوو رێک بەپێچەوانەوە بەمەبەستی رازاندنەوەی پێشانگای سیاسیی حکومەت و ئەحزاب کەڵکی لێ وەرگیراوە و زۆربەی کات بە دانانی چەند ژنێکی لاواز و دەستەمۆ چەند شوێنێک پڕ کراوەتەوە.

لەراستیدا کێشەی ژن لەنێو کۆمەڵگەدا بەتەنیا چارەسەر نابێ. دڵخۆشبوون بە چارەسەریی کێشەی ژن لە کۆمەڵگەیەکی دواکەوتوودا بەدەر لە تەوەھھومێکی خۆشبینانە نییە.

کێشەی ژن چارەسەریی ژێرخانیی دەوێ. چارەسەریی حەقیقیی ئەم کێشەیەش کاتێکە کە بەگشتی نەک وەک رەگەزێکی جیاواز بەڵکوو لە دەلاقەیەکی ھاوچەشنی ئینسانییەوە سەیری دەور و پێگەی ژن وەک مرۆڤ بکرێ و لە بەستێنێکی یەکسانی پەروەردەییدا ھەل و دەرفەتی یەکسانی لەگەڵ پیاو بۆ برەخسێ.

چارەسەریی کێشەی ژن لە ھەر کۆمەڵگەیەکدا پەیوەندیی راستەوخۆی بە ئاستی پێشکەوتوویی ئەو کۆمەڵگایەوە ھەیە.

برچسب: نویسنده: بهنام عباسیان تاريخ: يکشنبه 4 ارديبهشت 1401 ساعت: 19:44

صفحه بندی