وەک خۆم ھەمیشە روویکردێکی نائیدیۆلۆژیک و کراوەم بۆ ھونەر بەتایبەت موزیک بووە و پێموایە ھونەر بەدەر لە ھەموو خوێندنەوەیەکی ئیدیۆلۆژیک و داخراوی فکری دەتوانێ زمانی ھاوبەشی گشت مرۆڤایەتی بێ و لەراستیدا ریسالەتەکەشی ھەر ئەوەیە.
ھەر بۆیەش کاتێک کە گوێم لە دەنگ و ئاوازی #شەجەریان، #ام_کلثوم، #پاڤارۆتی یا #سێلێن_دیۆن دەبێ، وەک چۆن لەززەت لە #حەسەن_زیرەک و #سەید_عەلی_ئەسغەر دەبەم، ئاواش چێژ لەوان وەردەگرم.
#رەببەنای_شەجەریان، بەدەر لەوەی کە تێمێکی ئایینیی ھەیە و بەدەر لەوەی کە من خۆم کەسێکی ئایینی بم یا نە، وەک دەنگ و ھونەری ئاواز، ھەمیشە چێژێکی تایبەتم لێ وەرگرتوە و بە یەکێک لە شاکارە دەگمەنەکانی بواری ئاوازی دەزانم.
سەرەڕای ئەوەی کە بناژۆخوازیی ئایینی بەدرێژایی مێژوو و توندئاژۆیی ئیسلامی لە سەردەمی ئێستادا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی نەتەنیا ھەر ئێمە بەڵکوو کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی بووە بەڵام ھەمیشەش کەسانێک بوون کە ئایین بە بابەتێکی شەخسی و وەک رایەڵکەی نێوان خۆیان و خودای خۆیان دەبینن. ھەر بۆیەش حەز دەکەم ئەم دەنگ و ئاوازە نایابە لە قوڵایی دڵمەوە پێشکەش بە ھەموو ئەو کەسانە بکەم کە لەم سۆنگەیەوە سەیری رۆحی ئایین دەکەن و باوەڕەکانیان دەخەمڵێنن.
بۆ ئێمە کە لە کۆمەڵگەیەکی ئیسلامیدا دەژیین و زۆربەی خەڵکەکەمان موسوڵمانن زۆر گرینگە کە شێوازی ھەڵسوکەوتی دروست لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ ئەم بابەتە ھەستیارانە رەچاو بکەین.
بە ئێعترافی مێژوو، بێ ڕێزی و ھێرش کردنە سەر پیرۆزمەندی و باوەڕەکانی کۆمەڵگە ھەمیشە ئاکامی پێچەوانەی لێ کەوتۆتەوە و کۆمەڵگەی بەرەو بێزاری و توندوتیژیی زێدە رێنوێنی کردوە. 
رێکاری دروست بۆ بەرپەرچدانەوەی توندئاژۆیی ئایینی ئەوەیە کە لەبری دژایەتی کردن (تقابل) لەگەڵ پیرۆزمەندی و باوەڕەکانی کۆمەڵگە روویکردێکی تەعامولی رەچاو بکرێ. ئەوەی کە ئەورووپییەکان لە دوای #رێنسانس ـەوە کردیان. ئەوان بەجێی دژایەتی کردن ھەوڵیان دا کە ئایین لەگەڵ پێگە دروست و حەقیقییەکەی خۆی ئاشت کەنەوە و لە بەستێنێکی گشتیی سیاسی و کۆمەڵاتییەوە بەرەو بەستێنێکی تایبەتی شەخسی و دەروونی رێنوێنی بکەن.
لەبیرمان نەچێ کە ھۆکاری سەرەکیی پێکھاتنی ئیسلامی سیاسی لە شێوەی #ئیخوانیزم شۆڕبوونەوەی نۆرمەکانی مۆدێرنیتە لە سەردەمی #کۆلۆنیالیزم بۆ کۆمەڵگەی ئیسلامی بوو. ھەروەھا پێکھاتنی رەوتە توندڕەوەکانی سەر بە بەرەی وەھابییەت دژکردەوەی رەوتی #سەلەفیگەری بەرانبەر بە نفووزی بیر و ئایدیای #کۆمۆنیزم لە کۆمەڵگەی ئیسلامیدا بووە. واتە توندئاژۆیی ئایینی بەرھەمی راستەوخۆی ھەست بە مەترسی کردنی کۆمەڵگە ئایینییەکانە.
لە دوو دەیەی رابردوودا ئیسلامی سیاسی و توندئاژۆیی ئیسلامی لە ھەموو وڵاتە ئیسلامییەکان بەتایبەت ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا رووی لە پەرەسەندن بووە و مەترسیی جیددیی نەتەنیا بۆ خودی ئەو کۆمەڵگەیانە بەڵکوو بۆ ھەموو جیھان دروست کردوە.  
#رۆژھەڵاتی_کوردستان ھەم بەنیسبەت مابەقیی ناوچەکانی دیکەی ئێران و ھەم بەنیسبەت پارچەکانی دیکەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی کەمتر مەزھەبی و #سێکۆلار تری ھەیە و بەشێکی ئەوەش خۆی دژکردەوەی ناراستەوخۆی کۆمەڵگە بەرانبەر بە دەسەڵاتی مەزھەبیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
بزووتنەوەی رزگاری خوازی کوردستان لە دوای کۆماری کوردستانەوە بەگشتی بزووتنەوەیەکی چەپ و ئایین پەرێز بووە و لە ھەندێ بڕگەی مێژوویدا بەداخەوە ھەڵوێست و ھەڵسوکەوتی دژە ئایینیی لە خۆی نواندوە. کە ئەوە خۆی خەسارێکی گەورەی لە پەیکەرەی گشتیی بزووتنەوەکە داوە و بۆتە ھۆی ئەوەی کە بەشێکی بەرچاو لە خەڵک سەرەڕای ئەو ئینتما و خۆشەویستییەی کە بۆ پێکھاتەی گشتیی بزووتنەوەکە بوویانە کەچی لە کرداردا خۆیان بەدوور راگرتوە و ئەو جۆرەی کە پێویستە خۆیان تێدا نەدیتۆتەوە و یارمەتیدەر نەبوون.
بەداخەوە بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دژەئایین بوون بە بەشێکی دانەبڕاوە لە کەسایەتیی سیاسیی خۆیان دەزانن و وەک بایەخێکی سیاسی لە تەبیینی دارشتە و رێباز و ئامانجی سیاسیی خۆیاندا پێناسەی دەکەن.
لەراستیدا کاتێک کە ئاوڕ لە مێژوو دەدەینەوە و سەیری چل ساڵی رابردووی دوای ئینقلابی بزووتنەوەی سیاسیی کوردستان دەکەین دەبینین کە لانیکەم لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا حەجمی بێ رێزی و ھێرش کردنە سەر ئایین بەدەیان بەرانبەر زیاتر بووە لەو کێشە و گرفتانەی کە رەنگە ئایین بۆ کۆمەڵگە و تەنانەت بۆ بزووتنەوەی سیاسیی کوردستانی دروست کردبێ. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەو ھاوکێشەیە تا سەر ئاواھی نامێنێتەوە و درێژەی ئەو ھێرش و بێ رێزییانە ئاکامی خراپ و تەنانەت مەترسیداریشی لێ دەکەوێتەوە. ئەوە لە حاڵێک دایە کە ھیچ پێویست بەو ھێرش و دژایەتی کردنانە ناکات، چون ئایین لە رۆژھەڵاتی کوردستاندا ھەرگیز دەورێکی خراپ و توندئاژۆیانەی نەگێڕاوە و لە زۆر بڕگەی مێژووییدا تەنانەت یارمەتیدەر بووە.
لەراستیدا بەشێکی زۆر لەو خەڵک و لایەنانەی کە بەو کردارە نەشیاو و نابەرپرسانەیە ھەڵدەستن و رۆژانە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تۆوی ئەو ھرووژمانە دەچێنن، وەک ژێستێکی سیاسی لێی دەڕوانن و بێ سەوادی و بێ کەڵکە بوونی سیاسیی خۆیان لە پشت ئەو چەشنە ھەڵسوکەوتانەدا دەشارنەوە.
ھیچ بزووتنەوەیەکی مەسئوول و ھیچ سیاسییەکی دڵسۆز لەخۆوە بەشێکی زۆر لە خەڵکی خۆی لەگەڵ خۆی ناکاتە دوژمن.
ئەرکی بزووتنەوە رزگاریخوازە سیاسییەکان گۆڕینی دنیا و کۆمەڵگە ئینسانییەکان نییە بەڵکوو لەکار کردنی رێکاری دروست و گونجاو لە رووبەروو بوونەوە لەگەڵ پێشھاتە جۆراوجۆرەکانە.
بێ رێزی و ھێرش کردنە سەر ئایین نەتەنیا خەڵکی ئیماندار لە ئایین دوور ناکاتەوە بەڵکوو پاساوی خۆرێکخستن و دژکردەوەیان بۆ دروست دەکا و لەئاکامدا ئیمکان و ئەگەری بناژۆخوازی و توندئاژۆیی ئایینی لە کۆمەڵگەدا زیاتر و بەھێزتر دەکات.
رێگەچارەی دروست بۆ پێشگیری لە پەرەسەندن و گەشەی #فێندەمێنتالیزم و توندئاژۆیی ئایینی، لە تەعامول و ھەڵسوکەوتی گونجاو لەپێناو خزمەت و بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نیشتمانی دایە نەک لە دژایەتی کردن و فڕێدان بۆ بەرەی دوژمن.

#ربنا_شجریان