خرید بک لینک

سیستمی سیاسی و دێموکراسیی ئامریکا ئەو مەجالەی بۆ #دۆناڵد_ترامپ ھێشتبۆوە کە بۆ ماوەیەکی چوار ساڵەی دیکەش بتوانێ ئەو شانسەی ھەبێ کە دوبارە ببێتەوە بە سەرۆک کۆماری ئامریکا. بەڵام ئەو سەرەڕای ئەوەی کە توانیی دەنگی متمانەی پتر لە حەفتا میلیۆن کەسی ئامریکایی بەرەو لای خۆی رابکێشێ کەچی لە کێبەرکێیەکی نزیکدا گرەوەکەی بە #جۆ_بایدن دۆڕاند و ھەلەکەی لەکیس چوو.

بەڵام بۆچی ئەوە رووی دا و ترامپ نەیتوانی دوبارە ئەو پێگەیە بەدەست بێنێتەوە کە جاری پێشوو بوو بەھۆی سەرسووڕمانی بەشێکی زۆر لە چاودێران و تەنانەت بکەرانی سیاسیی ئامریکا و دنیاش؟

خاڵە بەھێز و لاوازەکانی ترامپ لەو چوار ساڵەی سەرۆک کۆمارییەکەیدا چی بوون؟

وێدەچێ کە کاکڵی ئەو ھاوکێشەیە لەوەدا خۆی ببینێتەوە کە ترامپ سەرەڕای ئەوەی کە دوورەدیمەنێکی روونی لە داھاتووی خۆی و ئامریکا لەبەرچاو گرتبوو و بەرنامەیەکی تێر و تەسەلی (ھەڵبەت لە روانگەی خۆیەوە) بۆ بەرێوەبەرایەتی و سەرۆکایەتیی وڵات دارشتبوو و بەدوور لە سیاسەت وەرزیی «متعارف»ـی سیاسەتمەدارانی دیکە بەنیسبەت زۆربەی دروشمەکانیشی وەفادار مایەوە و بەکردەوەییشی کردن، کەچی بەھۆی کەم ئەزموونیی لە دنیای سیاسەتدا نەیتوانی ھەڵسوکەوتێکی گونجاوی لەگەڵ پێشھاتە و رووداوە نەخوازراوەکاندا ھەبێ و مودیرییەتی بوحرانەکان بکات.

بەواتایەکی دی ترامپ نەیتوانی لە ھەڕەشەکان بە قازانجی خۆی کەڵک وەرگرێ و تەبدیل بە دەرفەتیان بکات. ئەو شتەی کە بۆ وێنە لە خاڵی بەرانبەری ئەودا کاتی خۆی #جۆرج_بووش ـی کوڕ بەنیسبەت ھێرشەکانی یازدەی سیپتامبری ٢٠٠١ بە باشی کەڵکی لێ وەرگرت و وەک بەرگێکی بەرەندە بۆ خۆی تۆمار کرد و بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو بەکاری ھێنا. کەچی رێک بەپێچەوانەوە قەیرانەکانی پەتای #کۆرۆنا و مەرگی #جۆرج_فلۆید ھەردوکیان لە کۆتاییدا بە زیانی ترامپ شکانەوە و زەربەیەکی زۆریان لێدا.

بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی #رۆیتێرز پتر لە ٦٠٪ ـی ئەو خەڵکەی کۆرۆنایان بە گرفتێکی جیددی بۆ وڵات زانیوە و پتر لە ٨٠٪ ـی رەشپێستەکانی ئامریکا دەنگیان بە ترامپ نەداوە.

لەراستیدا ئەگەر ترامپ بە چوونە دەر لە #پەیمانی_ژینگەیی_پاریس نیشانی دا کە ئابووریی ئامریکای زۆر لە تەندروستیی ژینگەی جیھانی بۆ گرینگترە، بەو ھەڵسوکەوتە نەشیاوەشی لەگەڵ پەتای کۆرۆنا و دوورەپەرێزی لە رێوشوێنی تەندروستیی گونجاو ئەو زێھنییەتەی دروست کرد کە کەرتی ئابووریی تەنانەت لە گیانی ھاووڵاتییانی ئامریکاییش بۆ موھیمترە.

رۆیتێرز دەڵێ نزیک بە ٤٠٪ ـی ئەو کەسانەی دەنگیان بە بایدن داوە لەبەر خۆشەویستیی خۆی نەبووە بەڵکوو لە رقی ترامپ بووە.

لەراستیدا ترامپ کەسایەتییەکی سەیر و تا رادەیەک بەدوور لە عورفی سیاسیی سیاسەتمەدارانی دیکەی ھەیە و ئەوەش بە خەستی لە ھەڵسوکەوتەکانیدا رەنگی داوەتەوە.

بەدەر لە دروست بوون یا نادروست بوونی سیاسەتەکانی بەڵام کەمتر لەھەر سیاسەتمەدارێکی دیکەی ھاوشێوەی خۆی درۆی دەکرد (لێرەدا مەبەست بەڵێنی درۆی تەبلیغاتی یە بۆ ھەڵبژاردن) و ئەوەی باوەڕی پێی بایە دەیکوت و دەیکرد. بەنیسبەت زۆربەی دروشمە ھەڵبژاردنییەکانیشی وەفادار مایەوە و یا بە ئەنجامی گەیاندن یا کاری بۆ کردن.

ھەر بۆیەش وێدەچێ کە ئەم ھەڵبژاردنە سەرەڕای ئەوەی کە بایدن تێیدا سەرکەوتوو بوو کەچی زیاتر مۆری ترامپی پێوە دیارە.

ھەر کەسەی لە دنیادا دەتوانێ خوێندنەوە و تەحلیلی خۆی بۆ ترامپ و ئامریکا ھەبێ و بیاننرخێنێ. بەڵام بەدڵنیاییەوە ئەوەی کاریگەریی راستەوخۆی بەسەر ھەڵبژاردندا ھەیە تەنیا خەڵکانی ئامریکان. ھەر بۆیەش خوێندنەوەی دروست دەبێ لە سۆنگەی روانینی ئەوانەوە بۆ ترامپ و ئامریکا و دنیا بێ.

لە دروشمە سەرەکییە تەبلیغاتییەکانی ترامپ لە ساڵی ٢٠١٦ دابەزاندنی نرخی #ماڵیات بۆ خاوەنکاران بوو کە بەتایبەت لە بواری یارمەتیدان بە #بیزینێسە_بچووکەکان و کارئافەرینیدا کاریگەرییەکی بەرچاوی ھەبوو و بە رادەیەکی باش یارمەتیدەری بەباشتربوونی باری ئابووریی وڵات بوو کە تێشیدا سەرکەوتوو بوو. ئاماژەکانیش باس لەوە دەکەن کە لە قۆناغی پێش کۆرۆنادا ئەم بابەتە پێشکەوتنێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیبوو و لەسەر داھاتی خەڵکیش کاریگەریی ئەرێنیی ھەبووە. ئامارەکانی رۆیتێرز دەڵێن کە زیاتر لە ٦٥٪ ـی ئەو خەڵکەی پرسی ئابوورییان بە گرینگترین کەڵکەڵەی ژیانیان زانیوە لە ھەڵبژاردنی ٢٠٢٠دا دەنگیان بە ترامپ داوە.

لە کەڵکەڵە سەرەکییەکانی تری ترامپ لە بەرێوەبەرایەتیی وڵاتدا پرسی #پەنابەر و ئەو کۆچبەرە نایاساییانە بوو کە روویان لە ئامریکا دەکرد. لەم پێوەندەشدا ترامپ کۆمەڵێک مەحدوودییەت و لە سەرەوەی ھەموانیشەوە بابەتی دروست کردنی دیوار لە سنووری مەکزیکی لەکار کرد، کە ئەگەرچی کۆمەڵێک نارەزایەتیشی لێ کەوتەوە بەڵام بۆ بەشێکی زۆی لە خودی ئامریکاییەکان بەگشتی جێی رەزامەندی بووە.

سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە؛ کوشتنی دوو گەورە تێرۆریستی وەک #قاسم_سولەیمانی و #ئەبوبەکر_بەغدادی لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ تێرۆریزمی دەوڵەتیی #کۆماری_ئیسلامی وەک گرینگترین وڵاتی پشتیوانی تێرۆریزم و تێرۆریزمی غەیری دەوڵەتیی #داعش لە خاڵە بەرچاوەکانی کرداری سیاسەتی دەرەکیی ترامپ بووە کە کەم و زۆر پشتیوانیی کۆمەڵگەی ئامریکاشی لەگەڵدا بووە.

گفتوگۆ و دانوستانی چەند جارە لەگەڵ سەرۆکی #کۆریای_باکوور و کەمکردنەوەی مەترسیی ئەم وڵاتە بۆ ئەمن و ئاسایشی نێونەتەوەیی لە ھەوڵە جێی سەرنجەکانی ترامپ لە چوارچێوەی سیاسەتی نێونەتەوەییدا بووە کە لەنێو کۆمەڵگەی ئەمریکیشدا پێشوازییەکی باشی لێ کەوتۆتەوە.

ھەوڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی لەنێوان لایەنە دژبەرەکانی #ئەفغانستان و پێکھێنانی فەزای ئاشتی و پەیوەندیی فەرمی لەنێوان #ئیسرائیل و #وڵاتانی_عەرەبی لەو کردارە بەنرخە سیاسی و دیپلۆماسییانە بوو کە پێویستە بە چاوی رێزەوە سەیر بکرێ و پێموایە بۆ کۆمەڵگەی ئەمریکییش بەتایبەت کلووپی لۆبیی جوولەکەکان لەم وڵاتەدا بایەخی تایبەتیی خۆی ھەبوو.

بەگشتی دەمەوێ بڵێم کە ئەگەر لە سۆنگەی دەنگدەرێکی ئەمریکییەوە سەیری ئەو ھەڵبژاردنەی ئەمجارە بکەین، ترامپی پێش کۆرۆنا و مەرگی جۆرج فلۆید بەربژێرێکی گونجاوتر بوو بۆوەی دوبارە ببێتەوە بە سەرکۆماری ئامریکا. چون بەگوێرەی بەرنامە و پلانێکی لەپێشدا دارێژراو دەجوڵایەوە و بە رادەیەکی باشیش سەرنجی ئەرێنیی بەشێکی زۆر لە جەماوەری بەرەو لای خۆی راکێشابوو. کەچی ھەڵسوکەوتی نەشیاو و مودیرییەتی لاوازی قەیرانەکان بەرەبەرە لە ئاستی مەقبوولییەتە گشتییەکەی کەم کردەوە و ناسەرکەوتوو بوون لە چارەسەریی قەیراندا جۆرێکی لە بێ متمانەیی و دوورکەوتنەوەی گشتی بەرانبەر بەو پیاوە دروست کرد.

ھەڵبەت خودی ترامپیش زۆربەی کات بەگشتی بە زمانێکی زبر لە ئاخاوتن و کرداردا ھەڵسوکەوتی دەکرد و ئەوەش خۆی روخسارێکی نەرێنیی زیاتری لە دواجاردا پێ بەخشی.

برچسب: نویسنده: بهنام عباسیان تاريخ: يکشنبه 4 ارديبهشت 1401 ساعت: 19:44

صفحه بندی