خرید بک لینک

د.قاسملوو لە #کورتەباسێک _لەسەر _سۆسیالیزم لە ساڵی ١٣٦٢دا دەڵێ «یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئێمە ئەوەیە کە لەبیرمان نەچێ ئامانجی غایی خەباتی ئێمە دژی ئیمپریالیزمە». کەچی ھەر د.قاسملوو لە وتارێکدا کە چەند مانگ بەر لە شەھیدبوونی لە #رۆژنامەی_کوردستان لە ساڵی ١٣٦٨ بڵاو بۆتەوە دەڵێ «ئەوەی کە ئێمە سەردەمانێک پێمان وابوو ئەرکی ئێمە ئەوەیە کە دژی ئیمپریالیزم شەڕ بکەین ھەڵە بووە».
لەبیرمان نەچێ کە خودی کورتەباس دژکردەوەیەکی تیۆریکی سیاسی بوو بەرانبەر بە تێزی #سۆسیالیزمی_مەوجوود کە ئەوکات لە سەردەمی #شەڕی_سارد دا تیۆریی جێی پەسندی زۆربەی ھێزە چەپە شۆرشگێڕەکانی سەردەم بوو کە خۆیان لە بەرەی جیھانیی چەپ بەرانبەر بە بەرەی سەرمایەداریدا پێناسە دەکرد.
کەسانێک کە کۆمەڵە وتار و لێدوانە سیاسییەکانی د.قاسملوویان لە توێی کتێبی #تاڤگەی_حەقیقەت دا خوێندبێتەوە، بە لەبەرچاو گرتنی رەوتی مێژوویی بابەتەکان، باش لەو راستییە تێدەگەن کە د.قاسملوو بەرلەوەی کە چەپێکی ئیدیۆلۆژیک بووبێ چەپێکی سیاسی بووە. ئەوە بەو مانایەیە کە زۆر زیاتر لەوەی کە ویستبێتی کۆنتێکستی سیاسیی سەردەم لە چوارچێوەی ئەندێشە سیاسییەکەیدا بگونجێنێ، بەپێچەوانەوە ھەوڵی داوە ئەو بەستێنە مەعریفییەی کە باوەڕی پێیەتی لە راستای بەرەوپێشبردنی رێبازە سیاسییەکەیدا بەکار بێنێ.
بەم پێیەش د.قاسملوو سیاسەتمەدارێکی دەقگرتووی نەگۆڕی سیاسی نەبوو بەڵکوو بەگوێرەی ئیمکان و زەروورەتەکانی زەمان خەباتی کردوە.
بەدڵنیاییەوە قاسملووی ساڵی ٦٨ ھەمان قاسملووی ساڵەکانی سەرەتای ٥٠ی ھەتاوی نییە کە بوو بە سکرتێری #حیزبی_دێموکرات، بەڵکوو بەردەوام لە حاڵی گۆڕانی بەرەپێش و بەڕۆژ بوونەوە لەگەڵ واقعییەتەکانی سیاسیی سەردەمدا بووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە باشەکانی ئەو پیاوە ئەوە بوو کە کەمتر دەکەوتە نێو چوارچێوەی تەقدیری ئیدیۆلۆژیکەوە، بەڵکوو لەگەڵ رەوتی رووداوەکاندا مامەڵەی دەکرد.
کەچی بەداخەوە #بزووتنەوەی_سیاسیی_کوردی_رۆژھەڵات رێک لەو شوێنەدا کە د.قاسملووی تێدا شەھید بووە چەقیوە و لەو کاتەوە بەرەوپێشچوونێکی ئەوتۆی بەخۆیەوە نەبینیوە.
ئەحزابی رۆژھەڵات توانای دەربازبوونیان نییە و ھەر تەکانێک بە لادان لە رێبازی قاسملوو دەزانن. (ھەڵبەت ئەوە زیاتر وەک پاساو بەکار دێنن!)
ئەوە لە حاڵێک دایە کە ئەگەر د.قاسملوو خۆی مابا بەدڵنیاییەوە گۆڕانکارییەکی بەرینی لە روانگە و کارکردی سیاسیی خۆیدا پێک دێنا وخوێندنەوەی بۆ کۆنتێکستی سیاسیی سەردەم زۆر جیاواز دەبوو.
لەبیرمان نەچێ کە ھەموو ژیانی سیاسی و خەباتی د.قاسملوو لە سەردەمی شەڕی سارد و دنیای دوو جەمسەریی ئەوکاتدا بووە. کەچی ئاڵوگۆڕەکانی جیھانی دوای رووخانی #بلۆکی_شەرق و #دیواری_بێرلەن بەشێکی زۆر لە ھاوکێشە سیاسییەکانی دنیای گۆڕی و ئاقارێکی جیاوازی بە رەوتی رووداوە سیاسییەکان لە ئاستێکی بەرینی نێونەتەوەییدا بەخشیوە.
ھەر بۆیەش چیتر ناکرێ کە ئێمەی کوردی رۆژھەڵات لە ھەمان گۆشەنیگای د.قاسملووەوە سەیری دنیا و خۆمان و دەوروبەرمان بکەین.
ئێمە درێژەدەرانی #رێبازی_قاسملوو ـین؛ بەو واتایەی کە پرەنسیپی سیاسی و بنەماکانی خەباتی د.قاسملوو رەچاو دەکەین نەک زەروورەتەن بە ھەمان مکانیزم و لە ھەمان زەرفی مەعریفیدا بجوڵێینەوە.
بەشی زۆری ئەو وتە و فاکت و تێبینیانەی کە ئێستا لە د.قاسملوو بە نموونە دێنەوە پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی بە دنیای ئەمڕۆوە نییە بەڵکوو کۆمەڵە بڕیار و ھەڵوێستێکی سیاسیی تایبەتن سەبارەت بە #کوردستان و جیھانی سەردەمی شەڕی سارد بە ھەموو تایبەتمەندییە مێژووییەکانی خۆیەوە.
کوردستانیش وەک بەشێکی دانەبڕاو لە دنیا، لە رەوتی مێژوودا بەنیسبەت سی چل ساڵ لەمەوبەر، ئاڵوگۆڕێکی زۆری بەسەردا ھاتوە. ھەر بۆیەش ناشێ بەگوێرەی ھاوکێشە سیاسییەکانی ئەوکات بڕیار لە رووداوەکانی ئێستای بدرێت.

برچسب: نویسنده: بهنام عباسیان تاريخ: پنجشنبه 20 شهريور 1399 ساعت: 13:12

صفحه بندی