پێشتر دوو کتێبی #کورد_لە_بەڵگەنامە_نھێنییەکانی_ئامریکا_و_بریتانیا ـم خوێندبۆوە. خاڵی سەرنج راکێش لە خوێندنەوەی ئەو بەڵگەنامانەدا ئەوە بوو کە دنیای دەرەوە بەتایبەت زلھێزان ھەرگیز وەک بابەتێکی قائیم بە زاتی خۆی سەیری پرسی کوردیان نەکردوە بەڵکوو لە زاوییەی وڵاتانی حاکمی کوردستانەوە بینیویانە. بەواتایەکی دی ئەوان ھەرگیز وەک نەتەوەیەک (لەو چەشنەی کە خۆمان خوێندنەوەی بۆ دەکەین) تەعامولیان لەگەڵ چەمکێک بەناوی کورد نەکردوە بەڵکوو وەک کەمینەیەکی ئەتنیکی لە چوارچێوەی ئەو وڵاتانەدا بینیویانە.
ھەر بۆیەش خوێندنەوە و چۆنیەتیی تەعامولیشیان ئاقارێکی ھاوچەشنی نەبووە و پەیوەندیی ئۆرگانیکی بە چییەتیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتە ناوەندییەکاندا بووە. بۆ وێنە لە سەردەمی شەڕی سارددا لای وڵاتانی رۆژئاوایی بەگوێرەی نێوان باشییان لەگەڵ تورکیە و ئێران کوردی ئەم دوو وڵاتەیان وەک #کوردی_خراپ، کەچی بەگوێرەی ئەوەی حیزبی بەعسی ئێراق و سووریە لە بەرەی چەپی ئەوکاتدا بوون کوردی ئەو دوو وڵاتەیان بە #کوردی_باش خەمڵاندوە.
ھەمدیسان دوای رووخانی بلۆکی شەرق و ئاڵوگۆڕە جیھانی
یەکان ئەو ھاوکێشەیە ئەوەندەی تریش گۆڕانکاری و ئاڵۆزیی زیاتری بەخۆوە بینیوە کە کەمتر لە قازانجی پرسی کورددا بووە.
ھەڵبەت کورد بۆخۆیشی کەمتر ئەو ئیستعدادەی لە خۆی نیشان داوە کە بتوانێ لەو بازاڕە ئاڵۆزەی سیاسییە جیھانییەدا جێگە و پێگەیەکی شایان و جێی متمانە بۆ خۆی دەستەبەر بکات. چون بەگشتی بەجێی ئەوەی کە ئەویش وەک میللەتانی دی لە دەلاقەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە سەیری دنیا و سنوور بەندییە سیاسییەکانی جیھان بکات، بەپێچەوونەوە زۆربەی کات روانینێکی ئیدیۆلۆژیک و ئەرزشیی بەنیسبەت رەوتی رووداوەکاندا ھەبووە.
ئەوە ھەر لە سەردەمی #شێخ_مەحموود ـەوە کە بەناوی ئیسلام لەگەڵ بریتانییەکان بەشەڕ ھات و بەرگریی لە خەلافەتی عوسمانی کرد تا ئەو ساڵانەی دواییش کە زۆربەی حیزبە سەرەکییەکانی ھەر چوار پارچەی کوردستان خوێندنەوەیەکی چەپی مارکسیستییان بۆ بزووتنەوەی کورد و خەباتەکەی خۆیان بووە.
من نامەوێ بڵێم کە ھەموو کێشەکانی کورد بۆ خودی کورد دەگەڕێتەوە. چون لەراستیدا کەم دەسەڵاتی کەم کاریگەرییش بەدوای خۆیدا دێنێ و بەداخەوە کورد ھەرگیز لە ھاوکێشە جیھانی و ناوچەییەکاندا فاکتۆڕێکی سەرەکی نەبووە بەڵکوو لە باشترین حاڵەتی خۆیدا توانیویەتی کەم و زۆر دەوری فاکتۆڕێکی یارمەتیدەر یا بەشدار بگێڕێ کە ئەو بڕە بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە ئاستە بەرین و تەنانەت بچووکەکەی خۆیشیدا ھەرگیز کافی نەبووە. کەچی بەداخەوە لەو دەگمەن قۆناغە مێژووییانەشدا کە دەکرا کورد لە رەوتی رووداوەکان بە سوودی خۆی کەڵک وەرگرێ و سەرنج و پشتگیریی ھەڵوێستی کاریگەری سیاسیی جیھان بەرەو لای خۆی رابکێشێ بەو چەشنەی کە بایەد و شایەد نەجوڵاوەتەوە و نەیتوانیوە متمانەی
وڵاتانی کاریگەر بۆ خۆی دەستەبەر بکات.
پڕ دیارە کە ھەر ئاڵوگۆڕێک بە ھێز پێک دێت. بەڵام کاتێک کە خۆت ئەو ھێزەت نەبوو دەبێ ھەوڵ بدەی لە ھێزی دیگەران لەراستای بەرەوپێشڤەچوونی رێباز و گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆت کەڵک وەرگری.
بەداخەوە کورد بە تەبیعەتی حاڵی خۆی و بەگوێرەی ئەو ھەڵکەوتە و چارەنووسەی کە تێی کەوتوە خۆی خاوەنی ئەو ھێزە نییە کە بتوانێ بەتەنیا و بەبێ منەت لە دنیای دەرەوە بەتایبەت زلھێزانی جیھانی پرسی رزگاریی نەتەوەیی بە دەرئەنجامی دڵخوازی خۆی بگەیێنێ. ھەر بۆیەش پێویستیی زەرووریی بە پشتگیری و پشتیوانی نێونەتەوەیی ھەیە. ئەوەش ھیچ عەیب نییە و بەشێکی زۆر لەو میللەتانەی کە تەنانەت بە سەربەخۆییش گەیشتوون لەو مکانیزمە کەڵکیان وەرگرتوە و ئەمێستاش خاوەنی وڵاتی سەربەخۆی خۆیانن. تەنانەت بەشێک لەم وڵاتانە ئەگەر ئێستاش پشتگیرییە نێونەتەوەییەکەیان لەسەر ھەڵگیرێتەوە لە مەترسیی جیددیی لەناوچووندا دەبن. (#ئیسرائیل، #کوەیت، #قەتەر، #بەحرەین، #گۆرجستان، #ئەرمەنستان، #تایوان، وڵاتانی #باڵکان و #یوگوسڵاویی پێشوو، #فینلەند، #سەنگاپوور و ...).
ھەر وەک پێشتریش باسم کرد وڵاتانی زلھێز و کاریگەری جیھان لە دەرووی بەرژەوەندیی خۆیانەوە سەیری دنیا و رەوتی رووداوەکان دەکەن. ھەر بۆیەش کورد ئەگەر دەیەوێ یارمەتی و پشتگیری ئەوانی ھەبێ دەبێ ھەوڵ بدات بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەواندا رێک بخات. واتە دەبێ ئەوان پێیان وابێ کە چارەسەریی پرسی کورد لە راستای بەرژەوەندییەکانی ئەوان دایە و کورد دەتوانێ شەریک و ھاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو و جێی متمانە بێ بۆیان و لە ئەگەری نزیکبوونەوە و ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ کورددا بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوتر دەبێ. کەچی بەداخەوە رەوتی سیاسەتی کوردی تا ئێستا زۆربەی کات بە پێچەوانەوە بووە. لە لایەکەوە چاوەڕوانیی یارمەتی و پشتگیریی وڵاتانی رۆژئاواییان ھەیە و لەولاوە لەگەڵ وڵاتانی دژبەردا دەکەونە موغازەلە و ھاوپەیمانیی سیاسییەوە. (نموونەی تەعامولاتی سیاسی و دیپلۆماسیی #پەیەدە لە رۆژئاوا، #یەکێتی لە باشوور، #پەکەکە لە باکوور، #ئەحزابی_رۆژھەڵات «پێشتر»). ھێشتاش بڕێکی زۆر لەو حیزبانە خۆیان ھەر لە بەرەی چەپدا پێناسە دەکەن و لەو چوارچێوە ئیدیۆلۆژیکەدا خۆیان دەدۆزنەوە. زۆر تەبیعی یە کە #لیبراڵ_دێموکراسیی_غەرب بەرژەوەندییەکانی خۆی لەو چوارچێوە ئیدیۆلۆژیکە سیاسییەی ئەحزابی کوردستانیدا نەبینێتەوە و کەیفێکی زۆری بە نزیکبوونەوە و ھاوکاری کردنیان نەیات.
مەسەلەکە ھەر ئەوەندەش نییە بەڵکوو بەداخەوە کورد لە تەعامولاتی سیاسی و پەیوەندییەکانیشیدا نموودارێکی شایان و قابیلی ئێعتمادی لە خۆی نیشان نەداوە.
لەم چەند رۆژەی رابردوودا کە لەڕێی کتێبەکەی #جان_بۆڵتۆن ـەوە چاوم بە بۆچوون و تێبینییەکانی #ترامپ سەبارەت بەکورد کەوت، ئەوەندەی دیش حەقیقەتی ئەو بابەتە بەلامەوە رۆشن بۆوە. بەداخەوە بەشێکی زۆر لە گرفتەکانی ئێمە ریشەی لە خۆماندا ھەیە. کورد نەیتوانیوە وەک میللەتێکی جێی متمانە خۆی بە دنیای دەرەوەی خۆی بناسێنێ و سەرلێشێواویی سیاسی و خوێندنەوەی ئیدیۆلۆژیک بەدوور لە بەرژەوەندیی نەتەوەیی بەرۆکی گرتوە.
راستیەکەی من ناتوانم وەک بەشێکی زۆر لە خەڵکی خۆمان دانیشم جنێو بە ترامپ بدەم کە بۆچی ئێمەی خۆش ناوێ، بەڵکوو پێموایە کە دەبێ ریشەی بۆچوونەکانی ترامپ لەنێو خۆماندا بدۆزینەوە کە بۆچی دنیای دەرەوە بەم شێوە نەرێنییە دەمانبینێ و متمانەمان پێ ناکات.
قەتم لەبیر ناچێ جارێک لەگەڵ یەکێک لە بەرپرسە ھەرەباڵاکانی یەکێک لەو حیزبانەی خۆمان قسەم دەکرد. ئەو مام جەلالی بە نموونەی سیاسەتمەدارێکی سەرکەوتووی کورد دێنایەوە. تەوجیھەکەشی ئەوە بوو کە «#مام_جەلال ئەمرۆ دەچێ بۆ تاران شتێک دەڵێ، لە ئانکارا شتێکی دی دەڵێ و سبەی دەچێ بۆ واشنگتۆن شتێکی تەواو پێچەوانە دەڵێ». بەداخەوە وێنای سیاسەت لای ھەرەزۆری خەڵکی ئێمە تەنانەت رێبەرایەتیی ئەحزابیش ھەر ئەو شتەیە و کەس پێی وانییە سیاسەت زانستە نەک درۆ!
بەداخەوە بەشی زۆری خەڵکی ئێمە بەوجۆرە سیاسەت دەکەن؛ بەر لە ھەموان لەگەڵ خەڵک درۆ دەکەن، ئەوجار لەگەڵ ھاوحیزبییەکانی خۆیان درۆ دەکەن، ئینجا لەگەڵ حیزبەکانی دیکە درۆ دەکەن، و لە کۆتاییدا لەگەڵ دنیای دەرەوەشدا ھەر درۆ دەکەن!
لە سێ حاڵەتی یەکەمدا رەنگە بەھەر دەلیلێک بێ ھەندێک بۆیان بچێتە سەر، کەچی بەدڵنیاییەوە ھەرگیز دنیای دەرەوە ئەو ھەموو درۆیەیان لێ قبوڵ ناکا و متمانەکەی لەدەست دەدات.
بەگشتی دەمەوێ بڵێم کاتێک کە بزووتنەوەی کورد نە ئاراستە و بەھا سیاسییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەسترۆیشتووی جیھاندا یەکانگیرە و نە لە راستای بەرژەوەندییەکانی ئەواندا دەجوڵێتەوە و ئەساسی سیاسەت کردنەکەشی لەسەر بنەمای درۆ دامەزراوە، چۆن دەتوانێ چاوەڕوانیی یارمەتی و پشتگیریی جیھانیی ھەبێ؟!
لەراستیدا بزووتنەوەیەک کە ھێشتاش ریشەی ھزری و کرداریی لە بەستێنەکانی #چەپی_ئیدیۆلۆژیک دایە و لە کۆنتێکستی سیاسەتی نێونەتەوەیی سەردەمدا خۆی بەرۆژ ناکاتەوە، ناتوانێ بەرھەمھێنەری رزگاری و ئازادی بۆ نەتەوەکەی بێ و بەرەو کەنارەکانی ئارامی رێنوێنیی بکات.
برچسب:
نویسنده: بهنام عباسیان