خرید بک لینک

ئەوەی کە کۆماری ئیسلامیی ئێران رێژیمێکی دڕەندە و تۆتالیتێری نادێموکراتیک و سەرەڕۆیە، هیچ گومانی تێدا نییە. لەوەشدا کە هەڵبژاردن لای ئەم رێژیمە هەرگیز نوێنگەیەکی راستەقینەی لە ویست و ئیرادەی کۆمەلانی خەڵکی ئێران تێدا نەبووە، هەمدیسان هیچ گومانێکی تێدا نییە. هیچ گومانیش لەوەدا نییە کە کۆماری ئیسلامی بچووکترین باوەڕیشی بە هەڵبژاردنێکی ئازاد و دێموکراتیک بەپێی بنەماکانی مافی مرۆڤ و پێناسە نێونەتەوەییەکان نییە. کەچی لە هەمان کاتیشدا بەشداری کردنی خەڵک لە هەڵبژاردن و بەدەستەوە گرتنی چارەنووسی خۆیان، لانیکەمی مافی هاووڵاتی بوونی تاک و کۆمەڵگە ئینسانییەکانە. بەرپرسە باڵاکانی رێژیم زۆر جار لە وتارە سیاسییەکاندا ئاماژە بەوە دەکەن کە کۆماری ئیسلامی مەشرووعییەتی خۆی لە خودا نەک لە خەڵک وەرگرتوە بۆیە بەشداری کردنی ئاگاهانە لە هەڵبژاردنەکاندا لزوومەن بەمانای مەشرووعییەتی ئەرێنی بەم رێژیمە نییە. لەلایەکی دیکەشەوە بەشی زۆری بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان ماوەی نزیک بە چوار دەیەیە کە بە بەردەوامی لە پرۆسەیەکی هاوچەشن و لەحەددی دەرکردنی بەیاننامەیەکی تکراریدا سیاسەتی منفعلانەی تەحریمی هەڵبژاردنەکانیان بەبێ دەستەبەرکردنی دەسکەوتێکی مەلمووس رەچاو کردوە. کەچی بەشێوەیەکی ماندوونەناسانە ئیسرارێکی عەجیبیان لەسەر درێژەدان بەم سیاسەتە بێ دەرەنجامە ئەزموونکراوە هەر هەیە و تووشی کوردەنامووسییەکی نەخوازراوی سیاسی هاتوون و لێشی پاشگەز نابنەوە. رەنگە هۆکاری بەشێکی ئەم چەشنە رەفتارەی ئەحزابی کوردی رۆژهەڵات لەوەدا خۆی ببینێتەوە کە بەداخەوە تا ئێستاش هیچ کام لەو هێزە چەکدارانە قۆناغی گوزار لە رەوتێکی شۆرشگێڕیان بەرەو حیزبێکی سیاسی تێپەڕ نەکردوە. چون حیزبێکی سیاسی هەرگیز بەپێی هاوکێشەی سیفر و سەد ناجوڵێتەوە بەڵکوو هەوڵ دەدات بەگوێرەی ئیمکان لە گەمە سیاسییەکاندا حزووری ئامانجدارانەی هەبێ. واتە ئەگەر لە دەرگاوە دەری بکەن لە پەنجەرەوە دێتەوە ژوورێ و بەرگی نێعمەتی حزوور هەرگیز لەبەر خۆیدا داناماڵێ. پڕ دیارە کە بەشی هەرەزۆری چالاکانی سیاسیی ئێستای کوردستان چ وەک ئەحزاب و چ لە دەرەوەی حیزبەکانیشەوە بەمجۆرە بیر ناکەنەوە بەلام ئەوە بەمانای دروستبوونی ئاراستەی کردارییان نییە بەڵکوو ئەوە دەگەیێنێ کە بەداخەوە بەشی هەرەزۆری ئەو ئەکتەرانە فاقیدی ئەندێشەیەکی سیاسیی دەسکەوتخوازانەی رێژەیین بەڵکوو زیاتر بەپێی پارامێترەکانی بەستێنێکی شۆرشگێڕانە دەجوڵێنەوە و سیاسەت دەکەن. حیزبێکی سیاسی و بزووتنەوەیەکی چالاک بۆ تەئسیرگوزاری و کاریگەریدانان لەسەر پرۆسەی سیاسیی وڵات پێویستیی بە بەستێن سازی هەیە کە بتوانێ تێیدا چالاکیی سیاسیی خۆی پێشکەش بکات بەڵام ئەگەر بەهەر هۆکارێک ئەو ئیمکانە نەبوو دەبێ ئەو زەرفییەت و ئیمکانە لەخۆی نیشان بدات کە بتوانێ لە بەستێنە پێکهاتووەکانی مەوجوود نەهاتی کەڵکی خۆی وەرگرێ و لە هاوکێشە جۆراوجۆرە سیاسییەکان بەنەفعی خۆی و خەڵکەکەی ئیستفادە بکات. بۆیە مادام بزووتنەوەی کورد و ئەحزابی سیاسیی کوردستان ئیمکانی چالاکیی ئازادانەیان لە نێوخۆی وڵاتدا نییە پێویستە لەو لانیکەمە دەرفەتانەی کە دێنە پێش کەڵکی شایستە وەرگرن و لە بەستێنە پێشهاتەییەکان لەراستای دەسکەوتێکی رێژەیی و تەنانەت کاتییشدا گاریگەری و وەزنی خۆیان بچەسبێنن. رەوتێکی سیاسیی زیرەک هەلەکان دەقۆزێتەوە و تەهدیدەکانی مەوجوود تەبدیل بە دەرفەت و فورسەت دەکا و لەراستای بەرژەوەندییەکانی خۆیدا کەڵکی دروستیان لێ وەردەگرێ.
دیارە مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە تێکەڵکردنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری و شووڕاکان کۆمەک بە بردنەسەری ئاستی بەشداریکردنی خەڵک و پڕوپاگەندەی خۆیەتی. بەڵام وێدەچێ کە زۆر سادەلەوحانە بێ کە ئێمەش وەک بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان گرفتاری ئەم داوە بین و هەردووی ئەو هەڵبژاردنانە لە یەک پەکەیجدا ببینین. هەڵبژاردنی شووڕاکان بەستێنێکی کەمتر سیاسیی هەیە و لە بەدبینانەترین حاڵەتیشدا دەسکەوتێکی ئەوتۆی پڕوپاگەندەی سیاسیی بۆ رێژیم نییە، کەچی پەیوەندیی راستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتییانەوە هەیە. تەحریمی بەیاننامەیی یارمەتییەکی ئەوتۆ بە پێگە و ئامانجی سیاسیی ئێمە ناکات بەڵکوو ئەوەندەی دیکە دوورەپەرێز و پەڕاوێزنشین ترمان دەکاتەوە و ئاستی تەئسیرگوزاریمان لەسەر هاوکێشە سیاسی و غەیرەسیاسییەکانی کۆمەڵگەکەی خۆمان زیاتر و زیاتر دادەبەزێنێ. ئەو چەشنە هەڵسوکەوتە خۆی رێک لەراستای بەرژەوەندی و داخوازیی کۆماری ئیسلامی دایە کە هەرچی زیاتر ئێمە لە ناوەندی تەئسیرگوزاریی وڵاتەکەمان دوور دەخاتەوە و رۆژبەرۆژیش مەودایەکی بەرینترمان لەگەڵ خەڵک بۆ پێکدێنێ و تۆوی ناهومێدی و ئینفعال لە کۆمەڵگەدا دەچێنێ.
بۆیە بە باوەڕی من رێگەچارەی دروست و گونجاوترین کۆنتاکت بەنیسبەت ئەو هەڵبژاردنەی ئەمساڵەوە ئەوەیە کە لە تەنیشت هاندان بۆ بەشداری نەکردن لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریدا، لە خەڵک داوا بکرێ کە بەشدارییەکی چالاکانەیان لە هەڵبژاردنەکانی شووڕادا هەبێ و هەوڵ بدەن کە خەڵکانی باش و جێی متمانەی گشتی دەسەڵاتی شووڕاکانی شار و دێهات بەدەستەوە بگرن.
بەمجۆرە هەم ناسنامەکانی خەڵک مۆری خواردوە، هەم خەڵکی کوردستان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا بەشدارییان نەکردوە، هەم شووڕاکانی خۆشانیان هەڵبژاردوە. ئەم مکانیزمە هەم رەهەندی بەشداریی چالاکانە و هەم تەحریمی چالاکانەشی تێدا پارێزراو و رەچاو کراوە. بەم شێوەیە ئێمە دەتوانین ئەو مکانیزمە هەڵبژاردنییەی کە رێژیم وەک دەرفەتێک بۆخۆی سەیری دەکرد بەسوودی خۆمان گۆڕانی بەسەردا بێنین و لە مەقامی تەهدیدەوە بە فورسەتێک بۆخۆمانی تەبدیل بکەین.

+ نوشته شده در یکشنبه سی و یکم اردیبهشت ۱۳۹۶ساعت 7:35 توسط وریا رەحمانی |

برچسب: نویسنده: بهنام عباسیان تاريخ: شنبه 20 خرداد 1396 ساعت: 10:39

صفحه بندی