خرید بک لینک

لەوەتا وەبیرم دێ ھەمیشە تێمێکی ئێحساسیی دوور لە عەقڵانییەت باڵی خەستی بەسەر پرسی سیاسیی کورد لە کوردستاندا کێشاوە و لێناگەڕێ چارەنووسی سیاسیی ئەم میللەتە بە ئاقارێکی گونجاو و مەنتقیدا بەرەو ھەوارێکی دڵخواز بڕوات. بەداخەوە مێژوو بەشێوەیەکی نەخوازراو لە ژیانی سیاسیی کورددا بەردەوام دووپات دەبێتەوە و ئەوە تەنیا رەنگ و جۆری رووداوەکانە کە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا دێ دەنا گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ لە ماھییەتی حەقیقیی واقیعەکاندا بەدی ناکرێ. دوای ھەر نسکۆ و شکستێک بەگشتی ئاراستەی رەخنەی کۆمەڵگەی کوردی رووی لە دەرەوە و دەستە دەرەکییەکان و پیلانگێڕییە نێونەتەوەییەکانە، کەچی ھەڵوێستی سیاسیی کورد عادەتەن کەمترین رەخنە بەرەوڕووی خۆی و چییەتیی سیاسەت و چۆنیەتیی کردارەکانی دەکاتەوە و بەگشتی لە دەرەوەی خۆیدا بەشوێن کێشە و گرفتەکانیدا دەگەڕێ. لە دروستبوونی وەھا بارودۆخێکدا بەگشتی ھێزە پۆپۆلیستە ئیدیۆلۆژیکەکان پشکی شێریان وەبەر دەکەوێ. چۆنیەتیی کارکردی سیاسیی ئەو ھێزانە بەگشتی بەمجۆرەیە کە بە تەمومژاوی کردنی فەزای سیاسیی کۆمەڵگە لە بەستێنێکی تەواو ئێحساسی و دوور لە عەقڵانییەتدا حەقیقەتی وجوودیی رووداوەکان لەبەر چاوی کۆمەڵگە دەدزنەوە و مێنتالیتەی گشتیی کۆمەڵگە بەرەو ئاراستەیەکی خەیاڵیی ئیدیۆلۆژیک رێنوێنی دەکەن. ھەر بۆیەش زۆربەی کات ئەو ئامانجەی کە کۆمەڵگە پێی دەگات زۆر جیاوازە لەوەی کە پێشتر بیری لێ کردۆتەوە و پلانی بۆ دارشتوە و ھەزینەیەکی زۆریشی بۆ داوە. لە مێنتالیتەی گشتیی ئەو ھێزانەدا لەبری ئەوەی کە خۆیان وەک بەشێک یان باڵێکی سیاسیی گۆمەڵگە و لەپێناو بەرژەوەندییە گشتییەکان و سەروەریی نەتەوەیی و نیشتمانیدا بزانن، رێک بەپێچەوانە ئەوان کۆمەڵگە و زەفییەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان لەخزمەت بایەخ و ئامانجە ئیدیۆلۆژیکەکانی خۆیاندا دەبینن و بەواتایەکی دی وەک بارمتەیەکی سیاسی لە ھێزی خەڵک و کۆدە نیشتمانییەکان کەڵک وەردەگرن و بەکاریان دێنن. ئەو ھێزانە تەنانەت دەسکاریی کۆدە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیش دەکەن و جێگەی نماد و سونبولە گشتییەکان لەگەڵ نماد و سونبولە حیزبی و ئیدیۆلۆژیکەکانی خۆیان دەگۆڕن و لەواقیعدا ئەم رەمزە گشتیانە لە چوارچێوەی بچوکی حیزبیی خۆیاندا کورت دەکەنەوە و ھەوڵ دەدەن بە کۆمەڵگەی بقەبلێنن کە ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی لە داکۆکی و پشتیوانی کردن لەوان دایە. ئەوە مێتۆدێکی کردارییە کە زۆربەی ھێزە ئیدیۆلۆژیکە دیکتاتۆڕەکان (چ لە پێگەی دەسەڵاتدا بن چ نا) بەکاری دێنن و کەڵکی لێ وەردەگرن. لەواقیعدا حیزب و جەریانی دڵسۆز و نیشتمانی ھەوڵ دەدات ئامانج و بەرژەوەندییەکانی خۆی ھەرچی زیاتر لە بنەما و ئوسوولە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان نزیک بکاتەوە، کەچی حیزب و جەریانی نادەروەست و دیکتاتۆڕ بەردەوام بنەما و ئوسوولە گشتییەکان لەپێناو بەرژەوەندی و ئامانجە حیزبییەکانی خۆیدا بەکار دێنێ و کەڵکیان لێ وەردەگرێ.

برچسب: نویسنده: بهنام عباسیان تاريخ: شنبه 9 آذر 1398 ساعت: 19:54

صفحه بندی