لە چاوپێکەوتنێکمدا لە ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ بەڕێز ئەبوبەکر کاروانی لە سەرکردە باڵاکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، لێم پرسیھۆکاری دروستبوونی حیزبی ئیسلامی لە کوردستان چی بوو؟ لە وەڵامدا باسی لە ھێرش و بێ رێزیی زێدەی ھێزە چەپەکان لە ھەشتاکانی زایینیدا کرد. وتی ئاستی بێ رێزی و ھێرشەکە بە رادەیەک بوو کە ئیسلامییەکانی کوردستان ھەستیان بە مەترسی کرد و ھەوڵی خۆرێکخستن و لە ئاکامدا پێکھێنانی حیزبی سیاسییان دا.
یاسای سێیەمی نیۆتۆن دەڵێ؛ ھەر پەرچەکردارێک لە نەتیجەی کردارێکدا دێ. واتە چێبوونی ھەر پەرچەکردارێک وڵامێکی راستەخۆیە بە کارکردی کردارێکی تایبەتەوە.
حەقانییەتی ئەم یاسایە لە دنیای سیاسەتیشدا زۆر واقعی و ھەست پێکراوە. ھیچ حیزب یان رەوتێکی سیاسی لە بۆشاییدا دروست نابێ، بەڵکوو یا لە وەڵامی زەروورەتێکی مێژوویی یا وەک پەرچەکردارێک لە بەرانبەر کردارێکدا پێک دێ. کرێکاران، ژنان، مامۆستایان، ئەسناف و ... بە مەبەستی بەرگری کردن لە ماف و داخوازییەکانیان سەندیکا و رێکخراوی پەیوەندیدار پێک دێنن. ھەرچی ھەڵاواردنی چینایەتی لە کۆمەڵگەیەکدا زیاتر بێ و مەودای نێوان خەڵکی فەقیر و دەوڵەمەند زۆرتر بێ، بەستێنئکی لەبارتر بۆ چێبوون و گەشەی ئەحزابی چەپخۆشتر دەبێ. پێکھاتنی ئەحزاب و رەوتە ناسیۆنالیستەکان پەیوەندیی راستەوخۆی بە چەوسانەوە یا مەترسیی نەتەوەییەوە ھەیە. ھەر بەم پێیەش پێکھاتنی رەوت یا حیزبێکی ئایینییش ھەر لەم چوارچێوەیەدا خۆی دەبینێتەوە. ھەرچەند رەنگە ھۆکارەکان ھەمیشە و لە کۆمەڵگە جیاوازەکان رێک وەک یەک نەبێ و بابەتی پێشکەوتەبوون و دواکەوتوویی وڵاتانیش کاریگەریی تایبەتیی خۆی ھەیە. واتە وجوودی رێکخراوێکی تایبەت یا حیزبێکی سیاسی لە وڵاتێکی پێشکەوتوودا وەڵامێکە بە نیازی بەشێک (کەم یا زۆر) لە ھاووڵاتیان، کەچی زۆربەی کات ئەوەی رەوتێکی تایبەت یا حیزبێکی سیاسی لە کۆمەڵگەیەکیدواکەوتوودا پێک دێنێ ھەست بە مەترسی کردنی بەشێک لە خەڵکی ئەو وڵاتەیە. بەواتایەکی دی وجوودی رێکخراوی جیاواز و رەوتە سیاسییەکان لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا دەرفەتێکە بۆ بەھرەمەندبوونی زیاتر و کەڵک وەرگرتن لە زەرفییەتەکانی وڵات، کەچی زۆربەی کات وجوودی ئەو حیزب و رێکخراوە سیاسییانە لە کۆمەڵگە دواکەوتووەکاندا بۆ رەواندنەوەی ھەڵاواردن و مەترسیی زەرەرمەند بوون و ھەندێ جار تەنانەت لەناوچوونیشە!
برچسب:
نویسنده: بهنام عباسیان